ڕۆژی دووشەممە 28ـی 9ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەخێرهێنان و پیرۆزبایی گواستنەوەی كورسیی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و دانانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) بە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری سەردانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) كرد لە كەنیسەی (ماریوخنا معمدان) لە شارۆچكەی (عەنكاوا)ـی شاری هەولێر و لەگەڵ پاتریارك و ئەنجوومەنی پیرۆز و مەترانەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێو كرد) بە بۆنەی دانانی وەك سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و هەروەها گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە (شیكاگۆ)ـی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان. سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، بڕیاری گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی گرنگ و مێژوویی وەسف كرد كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە ناوچەكەدا دەبێت.
سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە مێژووی دێرینی پێكەوەژیان لە كوردستان كرد و هیوای خواست كە بڕیاری گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ كوردستان ببێتە هۆی قووڵتربوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەرەسەندنی ڕۆحی برایەتی و تەبایی لەنێوان پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە فەرهەنگی جیاكاری و ئایینی نادرێت و لە نەبوونی جیاكارییەكاندا دەكرێ كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات بنرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو نەهامەتی و كارەساتانە كرد كە لەسەر دەستی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق تووشی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق بووە و هەروەها ئاماژەیشی بە وەحشیگەرییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كرد لە دژی پێكهاتە و هاووڵاتیان كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە كوردستان خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەپارێزێت و هەموو لایەك لە كوردستان بە سەربەرزی لە مەرگ و ژیاندا پێكەوە دەبن و پێویستیشە هەموومان لەسەر ئەو نەهجە بڕۆین كە خزمەتی نیشتیمان بكەین و بەسەر مرۆڤایەتیشدا كراوە بین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە دواجار خێر و برایەتی و پێكەوەژیان بەسەر شەڕانگێزی و ئینكاردا سەر دەكەوێت.
لەبەرانبەردا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد و پێزانینیان بۆ هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو بۆ یارمەتیدانی مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكانی دیكە. هەروەها ئاماژەیان بەوەیش دا كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی بەرچاوی هاوبەشی و پێكەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە وەك ئەزموونێكی سەركەوتوو سەیر بكرێت و سوودی لێوەربگیرێت. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە لە كوردستان هەموو ئایینەكان لەتەك یەكتر وەك برا دەژیین و ئەوەیش وێنەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەم وڵاتەیە.
لە بەشێكی ئەم دیدارەدا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و هاووڵاتیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشیان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ برینداران خواست.